٣٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢١:٣٩
ئیسرائیل لە 25 ساڵی داهاتوو دا دەبیت لەناوبچێت

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سکرتێری جیهادی ئیسلامی فەلەستین رایگەیاند، فەلەستین پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامە و ئەگەر هەموو لایەنەکانی فەلەستین بە هاوبەشی کار بکەن "ئیسرائیل لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوو لەناودەچێت".


ئایەتوالله خامنەیی: ئیسرائیل لە 25 ساڵی داهاتوو دا دەبیت لەناوبچێت

 به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سکرتێری جیهادی ئیسلامی فەلەستین رایگەیاند، فەلەستین پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامە و ئەگەر هەموو لایەنەکانی فەلەستین بە هاوبەشی کار بکەن "ئیسرائیل لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوو لەناودەچێت".

بەپێی میدیاکانی ئێران، ئایەتوالله عەلی خامنەیی رۆژی چوارشەممە 14-12-2016 لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رەمەزان عەبدوڵڵا، سکرتێری جیهادی ئیسلامی فەلەستین داوایکرد، گرووپە فەلەستینییەکان، مامۆستایانی ئایینی، رۆشنبیران و نووسەرانی عەرەب هەوڵی زیندوو راگرتنی پرسی فەلەستین لەنێو بۆچوونی گشتی نەتەوەکاندا بدەن.

ئایەتوالله خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "لەگەڵ ئەوەی ئێران سەرقاڵی هەندێک پرسی تایبەت بە ناوچەکەیە، فەلەستین بە یەکەم پرسی دنیای ئیسلامی دەزانێت و ئەرکەکانی خۆی لەوبارەوە جێبەجێ دەکات".

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەبارەی گرینگی یەکگرتوویی فەلەستینییەکان لەبەرامبەر ئیسرائیلدا گوتی "رژێمی سەهیۆنی (ئیسرائیل) بە مەرجی خەباتی هاوبەش و یەکگرتووی فەلەستینییەکان و موسڵمانان لەگەڵیدا، لە ماوەی 25 سالی داهاتوو لەناودەچێت".

ئایەتوالله خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە پرسی ئایینیان تێکەڵ بە قەیرانەکان کردووە و گوتویەتی "پێچەوانەی پڕوپاگەندەکان، خەڵکی سوننەی حەلەب و موسڵ و شارەکانی دیکە بەدەستی تووندڕەوەکان کۆمەڵکوژ کراون و دەکرێن، بۆیە ئەم قەیرانانە هیچ پەیوەندییەکی بە شیعە و سوننەوە نییە".

رێبەری ئێران لەبارەی داعشەوە رایگەیاندووە "گرووپە توندڕەوەکان وەک داعش و جبهەتولنوسرە کاریان دروستکردنی ئاژاوەیە و دەبێ زۆر هۆشیارانە هەڵسوکەتیان لەگەڵ بکرێ".  

ئایەتوالله خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەمریکای بە "شەیتانی گەورە و هۆکاری دروستبوونی گەرفتە گەورەکانی ناوچەکە" ناوبردووە.